غەززە… لە ئەنجامی بۆردومانێکدا بۆ سەر قوتابخانەیەک زیاتر لە 100 کەس کوژران

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی بڵاویکردەوە، لە بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ شەممە لە ئەنجامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەی "التابعین"، کە خەڵکی ئاوارە لە گەڕەکی ئەلدەراج لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە تیایدا نیشتەجێن، زیاتر لە 100 فەڵەستینی کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوون.

میدیاكانی فەڵەستین باسیان لەوەکردووە، کە تیمەکانی فریاگوزاری لە غەززە بەردەوام بوون لە دەرهێنانی دەیان تەرم و بریندار لە ژێر داروپەردوی قوتابخانە بۆردومانکراوەکە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، بەرگری شارستانی لە غەززە رایگەیاندوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە کاتی ئەنجامدانی نوێژی بەیانی لە قوتابخانەی "التابعین" بە سێ موشەک ئاوارەکانیان کردووه‌تە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاند، "لەژێر رێنمایی هەواڵگریی IDF، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە وردی هێرشی کردە سەر تیرۆریستانی حەماس کە لەناو ناوەندی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردنی بزوتنەوەکەدا کاردەکەن کە دەکەوێتە قوتابخانەی ئەلتابعین، کە خزمەت دەکات وەک پەناگەیەک بۆ دانیشتوانی شاری غەززە".

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، "ناوەندی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ وەک حەشارگەیەک بۆ تیرۆریستان و سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس کاری کردوە، کە هێرشی جۆراوجۆر پلانی بۆ دانرابوو و دژی هێزەکانی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیل ئەنجامدرا".

ئه‌وه‌شی وت، پێش هەڵمەتەکە چەند هەنگاوێک نرا بۆ کەمکردنەوەی مەترسی زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنی، لەوانە بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد، چاودێری ئاسمانی و زانیاری هەواڵگری.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "رێکخراوی تیرۆریستی حەماس بە شێوەیەکی سیستماتیک یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و لە ناو پەناگەی مەدەنییەوە کاردەکات، هەروەها بە شێوەیەکی دڕندانە دانیشتوان و دامەزراوە مەدەنییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکانی دەقۆزێتەوە".