سۆشیال میدیا چۆن بووەتە سەرچاوەی داهات؟

لەگەڵ خێرابوونی گۆڕانکاری دیجیتاڵی لەم ساڵانەی دواییدا، پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا نەک تەنها بووەتە ئامرازێک بۆ پەیوەندیکردن بەڵکو بووەتە سەرچاوەی داهات. ئەم پلاتفۆرمانە کە بەکارهێنەران دەتوانن بە چەندین شێوە پارە پەیدا بکەن، لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکەوە تا فرۆشتنی ئۆنلاین، لە بڵاوکراوە سپۆنسەرکراوەکانەوە تا مۆدێلی بەشداریکردن، ڕێگەی نوێ پێشکەش دەکەن بۆ گەیشتن بە بینەری زۆر و بەدەستهێنانی سەرچاوەیەکی دارایی. کلیلی سەرکەوتن بریتییە لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی رەسەن و کوالیتی، دروستکردنی پەیوەندییەکی مانادار لەگەڵ بینەر و پەیڕەوکردنی ترێندەکان.

لەم هەواڵەدا باس لە رێگاکانی بەدەستهێنانی پارە دەکەین لە سۆشیال میدیا، لە هەمان کاتدا بەدواداچوون بۆ سوود و زیانەکانی دەکەین. لەسەر ئەم بابەتە وەک تەبا چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ ئەندازیار کێوان حەسەن، راوێژکاری بواری تەکنەلۆژیا ئەنجامدا.

ئەندازیار کێوان لە دەستپێکی قسەکانیدا رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنەران بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا دابەش دەکرێن. لەکاتێکدا هەندێک سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن بۆ قازانج، هەندێکی تر تەنها بۆ مەبەستی کەسی بەکاریدەهێنن. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتووە، رێژەی بەکارهێنەران جیاوازن. لەنێو پلاتفۆرمە بەناوبانگەکان، فەیسبووک لە پلەی یەکەمدایە، دوای ئەویش مەسنجەر و ئینستاگرام و ڤایبەر دێت.

دەربارەی قازانجکردن وتی "تیک تۆک لە پلەی یەکەمدایە و لە دوای ئەویش یوتیوب دێت. ئەم دوو پلاتفۆرمە لە رووی داهاتەوە پشکی شێر بەدەست دەهێنن. بێگومان پلاتفۆرمەکانی تریش دەتوانن داهات بەدەست بهێنن ئەگەر یاسا و رێساکانی کۆمپانیاکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام تیک تۆک وەک ئەو پلاتفۆرمە جیاوازە کە پەیداکردنی پارەی تێدا ئاسانترە. بۆیە بەناوبانگترین پلاتفۆرمی هەرێمی کوردستان تیک تۆکە.

"ئێمە پێمان وایە چەند رێگەیەک هەیە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نائاگایی سۆشیال میدیا لە هەرێمی کوردستان. رێگای یەکەم بریتییە لە هێنانەکایەی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا بۆ بەکارهێنەران بەتایبەت تیک تۆک لە رێگەی وەزارەتە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێمەوە وەک وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی گواستنەوە. پێویستە ئەم پەیڕەوانە لە پەرلەماندا دروست بکرێن".

پێویستە تاکەکان بەرپرسیارێتی خۆیان بزانن

"رێگای دووەم بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کەسانی کاریگەرە لە کۆمەڵگادا. کۆمەڵگا دابەش بووە بەسەر دوودا؛ ئەو بەشەی ژەهراوی کۆمەڵایەتییە، و ئەو بەشەی کە سوودی بۆ کۆمەڵگا هەیە بەڵام نەبینراوە. زۆربەی ئەو بڵاوکراوانەی لە سۆشیال میدیاکان بڵاودەکرێتەوە هی بەشە ژەهراویەکەن. ئەگەر بمانەوێت ئەمە نەهێڵین، ئەو تاکانەی لە کۆمەڵگادا خاوەن بەرپرسیارێتین و ئەزموونیان لە بوارێکدا هەیە، پێویستە بەرپرسیارێتی خۆیان بزانن. بۆ نموونە کەسێک کە خاوەن هەر پیشەیک بێت دەتوانێت لە سۆشیال میدیا زۆر بە سادەیی باسی پیشەکەی بکات".

ئەوەشی خستەڕوو، "هەموو ئەوانەی کە وتم دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی خراپەکە و زیادبوونی رێژەی باشی کۆمەڵگا. ئەمانە دەبێتە هۆکار بۆ هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا، وە بە تایبەت ئەم خراپانە کاریگەری لەسەر تەمەنی هەرزەکاری دەبێت. بۆیە پێویستە ئەو دۆخە خراپەی ئێستا هەیە هەوڵدەین بیگۆڕین."
ناوبراو لەبارەی مەرجەکانی پارە پەیداکردن ئاماژەی بەوەشدا، "هەندێک مەرج هەیە لە پلاتفۆرمەکان دەبێت جێبەجێی بکەین ئینجا پارە قازانج بکەین، بەهۆی ئەوەی خەڵک دوورە لە کەسە پسپۆر و ئەکادیمیەکان یان میدیاکان نەهاتوون لێدوان لەکەسی پسپۆر وەرگرن بۆ تێگەیاندنی بابەتەکە، کەسێک ئاماژە بەوە دەکات کە قازاجنکردنی پارە بەرێژەیەکی زۆر ئاسانە. نەخێر وانییە کۆمپانییاکان بە پێی وەشانە نوێیەکانیان خۆیان مەرجەکان دادەنێن. بۆ نموونە پلاتفۆرمی تیکتۆک لە ماوەی مانگێک بەلانیەکەم ٥٠٠ کاتژمێر لایڤت هەبێت، رێژەی بینەری هەر پۆستەکت گەیشتبێتە سەرووی ملیۆنێک و ژمارەی فۆلۆوەرسەکانیشت لە ١٠ هەزار کەس تێپەریبوو ئەو کات دەتوانی پارە قازانج بکەیت".

هەڵمەخەڵەتێن بەوەی کەوا پارەیەکی زۆر لە تیکتۆک هەیە

راوێژکاری تەکنەلۆژیا تیشکی خستە سەر تەحەدییەکانی تیکتۆک و وتی، "لە هەرێمی کوردستان زۆرجار دەبینین گەنجان بەناوی تەحەدی شەخسیاتی خۆیان لەکەدار دەکەن. لەوە تێناگەن کە تاکەکانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ دەتوانن لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا ببنە کەسانی کاریگەر و پێگەیەکی گرنگ لە کۆمەڵگادا داگیر بکەن. بۆ ئەوەی کاری سۆشیال میدیا و لایڤ کردنەوە وەک پیشەیەک هەژمار بکرێت، کۆمەڵێک رێسا و قۆناغ پێویستە. تکا لە گەنجان دەکەم کە هەڵمەخەڵەتێن بەوەی کەوا دەردەخەن پارەیەکی زۆر لە تیکتۆک هەیە و دەتوانن قازانج بکەن".

"جگە لە تیک تۆک، یوتیوب ڕێگەت پێدەدات پارە پەیدا بکەیت دوای جێبەجێکردنی چەند یاسایەک و تێپەڕاندنی چەند قۆناغێک، بەڵام بڕی داهاتەکەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە".

ئامادەکردن: ئەمیر دەمیرجی