هێرشی ئاسمانی کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی لە عێراق

گروپێکی چەکداری عێراق لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنباری بە ئامانج گرت، کە لە ئێستادا هێزە ئەمریکییەکانی تێدا جێگیر بووە. گروپی چەکداری " المقاومة الإسلامية في العراق" لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشی ئاسمانیان کردوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەدی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا لە پارێزگاری ئەنبار. لەگەڵ دەستپێکی ململانێکانی نێوان ‌هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، نیگەرانی لە فراوانبوونی ئەو جەنگە لە وڵاتانی دیکەی وەک لوبنان و سووریا و عێراق دروستبووە. لە رۆژی پێنجشەممەش، دوو بەرپرسی ئەمریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، سوپای ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیان بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق پوچەڵکردوەتەوە و دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان تێکشکاندوە. تەنها لە هەفتەی رابردوو گرووپە چەکدارییەکانی عێراق زیاد لە چوار هێرشیان بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێم ئەنجامداوە، دوو لەو هێرشانەش بۆ سەر بنکەی سەربازی هەریر لە نزیک پارێزگای هەولێر بووە.