نرخی پسوڵەی نەخۆشخانە حکومییەکان زیاد کرا

تەندروستی سۆران رایگەیاند، زیادکردنی نرخی پسوڵەی نەخۆشخانەکان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و نرخەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دیاری کراون. دەشڵێت، "نرخی بلیتەکان لە سەرجەم بنکە تەندروستییەکان زیادکراون". ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران لە راگەیاندراوێکدا ئەوەی خستووەتەروو، گۆڕینی نرخەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتی گشتی سۆراندایە و ئەو زیادکردنەی لە بلیتەکاندا کراون لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کراون. ئەوەش خراوەتەروو، ئەم بڕیارە تەنها تایبەت نەکراوە بە نەخۆشخانەکانی سۆران بەڵکو لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێتەوە. زیادکردنی نرخی پسوڵەکان بەم شێوەیە زیادکراوە، دەرمانی درێژخایەن لە هەزار دینارەوە بۆ دوو هەزار دینار زیادکراوە و نۆڕینگە پزیشکییە میلییەکان و ئێشکگرەکان لە دوو هەزار دینارەوە بۆ سێ هەزار دینار زیادکراوە، هەروەها پسوڵەی کلینکە راوێژکارییەکان و پسۆڕیەکانیش لە سێ هەزار دینارەوە بۆ چوارهەزار دینار زیادکراوە.