سوودانی: لە دوای هێرشەکانەوە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەر هێرشێک لەهەر لایەنێکەوە بۆ سەر خاکی عێراق ئەنجام بدرێت قبوڵ ناکرێن. دەشڵێت، "لە دوای هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکاوە بۆ سەر خاکی عێراق هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە". ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق بە مەبەستی لابردنی هەموو پاساوەکانە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر عێراق. ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەو هێرشانەی بۆ سەر خاکی عێراق لەلایەن هەر لایەنێکەوە ئەنجام دەدرێن قبوڵ ناکرێن. وتیشی، "لە دوای هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکاوە بۆ سەر خاکی عێراق هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە". باسی لەوەش کرد، لەگەڵ هەرێمی کوردستان-عێراقدا لە گفتوگۆ و دانوستاندان بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکە. شەوەی رابردوو، پنتاگۆن رایگەیاند، بەدوای پەرەسەندندا نین، بەڵام ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر وەڵام دەدەنەوە و وەڵامدانەوەیان بۆ هێرشی سەر هێزەکانیان هێشتا تەواو نەبووە. دەشڵێت، حکومەتی عێراق هاوبەش و هاوکاری ئەمریکایە و بەیەکەوە رووبەرووی تیرۆر دەبنەوە. هاوکات، ڤیدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوانیدا، رەتیکردەوە حکومەتی عێراقیان لە هێرشەکانی رۆژی هەینی رابردوو ئاگادارکردبێتەوە و وتیشی، "ئەو زانیاریانەی لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە ناڕاستن". شەوی 2ـی شوباتی ئەمساڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە 85 هێرشیان بۆسەر گروپە چەکدارەکان لە خاکی سوریا و عێراق ئەنجامداوە و لەو هێرشانەدا 125 مووشەک بەکارهێنراون.