هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له‌سه‌ر بانگهێشتی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به ئاماده‌بوونی سه‌رۆك كۆماری كۆمار ئه‌نجامدا، به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون پێشهاته‌كانی رووداوه مه‌ترسیداره‌كانی وڵات و له‌نێویشیاندا بۆردوومانه‌كه‌ی یه‌كشه‌مه‌ی رابردووی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ژماره‌یه‌ك له پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی.
هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بڵاویكرده‌وه، هاوپه‌یمانیه‌كه سه‌ركۆنه‌ی توندی خۆی بۆ ده‌ستدرێژییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ربڕی كه له شه‌وی 2/3ی شوباتی 2024 ژماره‌یه‌ك له پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كرده ئامانج، له ئه‌نجامدا شه‌هیدبوون و برینداربوونی ده‌یان ئه‌ندام و هاوڵاتی مه‌ده‌نی لێكه‌وته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌وه هێرشێكی جددییه بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌منیی فه‌رمی عێراق.
هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، رێگه‌پێدانی خۆی بۆ حكومه‌ت نوێكرده‌وه و پاڵپشتیشی بۆ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ربڕی، به‌مه‌به‌ستی كۆتاییهێنان ئاماده‌بوونیان له رێگه‌ی لێكتێگه‌یشتن و دیالۆگه‌وه، هه‌روه‌ها دڵنیابوون له بنیاتنانی په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییه‌كان له‌نێوان عێراق و وڵاتانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا، كه له رێككه‌وتنی ئه‌م دواییه‌ی نێوان عێراق و ئه‌مریكادا پشتڕاستكرایه‌وه.
ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت جه‌ختیشی له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره هێرشێك كرده‌وه كه بنكه سه‌ربازییه‌كانی عێراق بكاته ئامانج، هه‌روه‌ها به ئامانجگرتنی راوێژكاره سه‌ربازییه‌كانی وڵاتانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه له چوارچێوه‌ی ئه‌ركی ڕاوێژكاری و مه‌شقی تایبه‌تدا كارده‌كه‌ن ره‌تكرده‌وه.
هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕوو، پاڵپشتی حكومه‌ت ده‌كه‌ن له رێگه‌نه‌دان به هیچ لایه‌نێك بۆئه‌وه‌ی عێراق رابكێشێته ناو گۆڕه‌پانی ململانێ كه ناوچه‌كه به‌خۆیه‌وه ده‌یبنێت، ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانی عێراق بخرێته سه‌رووی هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی دیكه‌وه، هه‌روه‌ها به‌رپرسیارێتی هه‌موو لایه‌ك دڵنیابوونه له پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری له وڵات‌دا، كه به قوربانیدانی گه‌وره له‌لایه‌ن گه‌له‌كه‌مان و هێزه چه‌كداره‌كانمانه‌وه به‌هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه به‌ده‌ست هاتووه.