سبەی رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکەن

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: وەزیری دارایی هەوڵەكانی بۆ دابینکردنی بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوەتەوە و بڕیارە لە سبەینێوە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستپێبکەن.


ئەمڕۆ چوارشەممە، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: لە دیوانی پارێزگا پێشوازیمان لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە پڕۆژەی (هەژماری من) و وەفدی هاوڕێی كردووە.


ئاماژەی بۆئەوەشكردووە، لە کۆبوونەوەیەکدا، وەزیری دارایی بایەخی سیستمی پڕۆژەی (هەژماری من) و دەستپێکردنی پڕۆژەکە لە سلێمانی كردووە لەگەڵ باسكردنی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دابینکردنی بودجەو مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە، وابڕیارە لە سبەینێوە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستپێبکەن.