دووەم بەربژێری سەرۆکایەتی کۆماری ئێران کشایەوە

عەلی ڕزا زاکانی، دووەم بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کشایەوە.

عەلی رزا زاکانی، کە یەکێک بوو لە کاندیدانی موحافزکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە سبەی لە ئێران بەڕێوەدەچێت، لە بەرژەوەندی باڵی موحافزکار لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکە کشایەوە، داوی ئەوەی ئەمیر حوسێن قازی زادە هاشمی، وەک یەکەم بەربژێر لە هەڵبژاردنەکە کشایەوە.

سەرۆکی شارەوانی تاران زاکانی، لە پەیامێکیدا کە لە هەژماری ئێکس بڵاویکردەوە، کشانەوەی لە هەڵبژاردنەکە راگەیاند.

لە پەیامەکەیدا زاکانی داوای لە محەمەد باقر قالیباف و سەعید جەلیلی کرد بە ڕێککەوتن لە نێوانیاندا دەستەبەری ئەوە بکەن موحافزکارەکان بە یەک کاندید بچنە هەڵبژاردنەکەوە.

راشیگەیاند: "تا کۆتایی پرۆسەی رکابەری یاسایی مامەوە، بەڵام بەردەوامی رێگای شەهید ڕەئیسی (سەرۆککۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی) گرنگترە. داوا لە جەلیلی و قالیباف دەکەم یەکگرتوو بن، داواکارییە رەواکانی هێزە شۆڕشگێڕەکان بێ وەڵام نەهێڵنەوە و رێگریی بکەن لە پێکهێنانی سێهەمین حکوومەتی رۆحانی".

دوای ئەوەی سەرۆککۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی لە ١٩ی ئایاردا لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەردا گیانی لەدەستدا، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە ساڵێک پێشخرا لە ٢٨ی حوزەیراندا ئەنجام دەدرێت.

لە هەڵبژاردنەکەی سبەیدا هەریەک لە کاندیدی ریفۆرمخواز، مەسعود پزيشکیان، کاندیدانی موحافزکارەکان هەر یەک لە سەرۆکی پەرلەمان، محەمەد باقر قالیباف و سکرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی، سەعید جەلیلى و وەزیری پێشووی ناوخۆ، مستەفا پورموحەمەدی کێبڕکێ دەکەن.