مەسرور بارزانی: پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەکانی ئافرەتان و رۆڵی کارا و چاڵاکیان دووپاتدەکەینەوە
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • مەسرور بارزانی: پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەکانی ئافرەتان و رۆڵی کارا و چاڵاکیان دووپاتدەکەینەوە

مەسرور بارزانی: پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەکانی ئافرەتان و رۆڵی کارا و چاڵاکیان دووپاتدەکەینەوە

ئازار 8, 2023 12:47
مەسرور بارزانی: پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەکانی ئافرەتان و رۆڵی کارا و چاڵاکیان دووپاتدەکەینەوە
0

لایک

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی یادی هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتان لە هەولێر(ئەربیل) وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەکانی ئافرەتان و رۆڵی کارا و چاڵاکیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگە و بەتایبەتی لەنێو دامەزراوەکانی حکومەتدا، دووپاتدەکەینەوە.

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی لە رۆژی جیهانی ئافرەتان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز :

رۆژتان باش

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئافرەتانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم . هیوادارم ئافرەتان هەمیشە لە ژیانیاندا سەرکەوتووبن و مافەکانیان پارێزراو بێت و دووربن لە هەر ستەم و چەوساندنەوەیەک.

دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەکسانی جێندەری و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ( UN Women ) دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنەیە و واژۆکردنی یاداشتی لەیەکتێگەیشتن بۆ خزمەتکردنی پرسەکانی پەیوەندیدار بە ئافرەتان.

لەم یادەدا، پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەکانی ئافرەتان و ڕۆڵی کارا و چالاکیان لە هەموو بوارەکانی ژیان وکۆمەڵگە و بەتایبەتی لە نێو دامەزراوەکانی حکومەتدا، دووپات دەکەینەوە.

ئافرەتان لە درێژایی مێژووی گەلی كوردستاندا، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە کۆمەڵگەکەماندا هەبووە . لە قۆناخە سەخت و دژوارەکانی خەبات و تێکۆشانی کوردستاندا، هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەر بوون و بەشداری کاریگەریان هەبووە و خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرین. لە دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا، ڕۆڵی ئافرەتانی کوردستان، لە هەموو کایەکانی حکومڕانیدا دیار و بەرچاوە و کاريش دەکەین بۆ بەهێزترکردنی زیاتری پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت بەپێی توانا و شایستەیی خۆیان و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێکی ڕۆڵی ئافرەتان لە بەڕێوەبردندا.

هیوادارم واژۆکردنی ئەم یاداشتی لەیەکتێگەیشتنە، هاوکار و یارمەتیدەر بێت لە بواری ئەو ئامارانەی کۆدەکرێنەوە و بەردەست دەبن بۆ دەستنیشانکردنی کێشە و بەربەست و گرفتەکانی بەردەم ئافرەتان و و نەهێشتنی هەموو پێشێلکارییەکی مافەکانی ئافرەتان و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکسانی جێندەری .

ئێمە وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو هێزو توانامان دژی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ و هەموو توندوتیژییەکین، بە تایبەتی توندوتیژی و کوشتن و ئازاردانی ئافرەتان و پێشێلکردنی مافەکانیان، کە بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردستانیش ، وەک زۆر کۆمەڵگەی دیکەی دونیا بە دەستییەوە دەناڵێنێت. ئەم توندوتیژییە، بە هیچ شێوەیەک بەلای ئێمەوە مایەی قبوڵکردن نییە و بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی و نەهێشتنی ئەم دیاردە بە شێوەیەکی گشتی .

بەڕێزان:

ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و کارکردن بۆ پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی جێندەری، ئەرکێکی هاوبەشی هەموومانە و پێویستە کۆمەڵگە بە گشتی و حکومەت و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و قوتابخانە و زانکۆکان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، هەموومان کار لە سەر هوشیارکردنەوەی تاک و خێزان بکەین و کاری جیددی بکەین لە پێناو نەهێشتنی توندوتیژی و پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی و بەیەکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، باوەڕی تەواوی بە ستراتیجی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان هەیە و کاریشی بۆ دەکات. پێویستە پیاو و ئافرەت، وەک یەک سوودمەند بن لەو ده‌رفه‌تانه‌ى لە بەردەمیاندا دەرەخسێنرێن و هەروەها لە ئەرک و مافەکانیشیاندا، بە شێوەیەکی یەکسان سوودمەند و بەهرەمەند بن .

من جارێکی دیکەش پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن و ژیانێکی شاد و ئاسوودەتان بۆ دەخوازم.

En az 10 karakter gerekli