محەممەد شیاع سوودانی بەم نزیكانە سەردانی توركیا دەكات

ئەمرۆ چوارشەممە، 2ـی نیسانی 2025، عەبدولقادر ئورال ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا بۆ میدیاکانی تورکیا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات.
عەبدولقادر ئورال ئۆغڵو وتیشی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ماوەی دوومانگی داهاتوودا سەردانی عێراق دەکات و تاوتوێی چەند پرسێک دەکەن، دیارترینیان پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانە، کە ئورال ئۆغڵو ڕایگەیاندووە، گەیشتووەتە قۆناغی پێشکەوتوو.
وەزیری گواستنەوەی تورکیا دەشڵێت، قۆناغێکی بەرچاو لە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بەدیهاتووە، کە تورکیا بە بەندەری فاو لە کەنداوی عەرەبی لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین و ڕێگای خێرای 1200 کیلۆمەتری دەبەستێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەری چالاککردنی کەرتی تایبەت هەیە سەبارەت بە لایەنی دارایی ڕێگای گەشەپێدان، هەروەها پاڵپشتی دارایی لە قەتەر و ئیمارات و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.
وەزیری گواستنەوە ڕاشیگەیاند، "محەمەد شیاع سوودانی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی وڵاتەکەمان دەکات. هەرچەندە وادەی سەردانەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارمان بەهەمان شێوە بەنیازە لە دوومانگی داهاتوودا، سەردانی عێراق بکات، پێشبینیش دەکەین ئەو بڕیارانەی لەم سەردانانەدا دەدرێن، پەیوەست بن بە ڕێککەوتنەکانی پێشووەوە."
ئەگەر ئەردۆغان لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا سەردانی عێراق بکات، ئەوە دەبێتە دووەم سەردانی ئەو سەرۆککۆمارەی تورکیا لە ماوەی ساڵێکدا بۆ عێراق، هەروەها سەردانەکەی ساڵی ڕابردووی ئەردۆغان، یەکەم سەردانی بوو بۆ عێراق لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا.