“31 هەزار فرۆکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەریووە”

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند لە دوو مانگی رابردوودا، زیاتر لە 31 هەزار فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون، بەمەش داهاتی عێراق لە کرێی بەکارهێنانی ئاسمانەکەی لەو دوو مانگەدا، زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلارە.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی دووشەممە 10-07-2023 لە راگەیەندراوێکدا ئامارێکی لەبارەی ئەو فڕۆکانە بڵاوکردەوە، کە لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی رابردوودا بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون.

بەپێی ئامارەکە، لە مانگی ئایاردا 14 هەزار و 894 فڕۆکە ئاسمانی عێراقیان بەکارهێناوە، ئەوانەشی لە ئاسمانی عێراق نزیک بوونەتەوە ژمارەیان گەیشتووەتە 3 هەزار و 896 فڕۆکە. لە مانگی حوزەیرانیشدا 16 هەزار و 340 فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون و، 4 هەزار و 210 فڕۆکەش لە ئاسمانی عێراق نزیکبوونەتەوە. 

حوسێن شبلی، وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندبوو، کرێی تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک بە ئاسمانی عێراق 450 دۆلارە؛ بەو پێیەش داهاتی ئەو دوو مانگەی عێراق لە بەکارهێنانی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکەکانەوە، 14 ملیۆن و 55 هەزار و 300 دۆلار بووە.