میدیاكانی كۆریا باشوور بڵاویانكردەوە، دادگای کۆریای باشوور لەسەر داوای لێکۆڵەرانی سیئۆل، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ یۆن سوک یۆل سەرۆكی لەکارلادراوی وڵاتەكە دەركرد، ئەوەش دوای هەوڵە شکستخواردوەکەی بۆ سەپاندنی یاسای باری سەربازی لە وڵاتەكە و بە تۆمەتی “یاخیبون” لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، کە تاوانێکە سزای لەسێدارەدانی لەسەرە.
ئاژانسی یۆنهاپ نیوز-ی كۆریای باشور بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە دادگای کۆریای باشور فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ یۆن سوک یۆل سەرۆکی لەكارلادراوی ئەو وڵاتەی دەركرد، کە لێپێچینەوەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە، ئەوەش بەهۆی بڕیارەکەیەوە بۆ سەپاندنی یاسای باری سەربازی لە ڕۆژی 3ی کانوونی یەکەمدا و لە ئێستادا دەسەڵاتەکانی ڕاگیراوە.
لێکۆڵەران لە سیئۆل دوێنێ دووشەممە داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کرد، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ یۆن سوک یۆل دەربکات بەهۆی هەوڵە شکستخواردوەکەی بۆ سەپاندنی یاسای باری سەربازی لە کۆریای باشوور، کە وڵاتەکەی خستە ناو قەیرانێکی سیاسی گەورەوە.
لێکۆڵەران لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، “داوامان لە دادگایەکی سیئۆل کردوە فەرمانی دەستگیركردن دەربکات، دوای ئەوەی سەرۆکی لەكارلابراو ڕۆژی یەکشەممە و بۆ جاری سێیەم، لەبەردەمیان ئامادەنەبو بۆ لێپرسینەوە”.
ئەوە لەكاتێكدایە لە ڕۆژی 14ی ئەم مانگە پەرلەمانی كۆریای باشوور دەنگی بە دوورخستنەوەی یون دا و ئێستا بە تۆمەتی “یاخیبوون” لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، کە تاوانێکە سزای لەسێدارەدانی لەسەرە، بەهۆی هەوڵە شکستخواردوەکەی بۆ سەپاندنی یاسای باری سەربازی لەو وڵاتە و ناردنی سوپا بۆ سەر پەرلەمان بۆ ئەوەی نەتوانێت لەدژی جوڵە بکات.
شەوی 3 لەسەر 4ی کانوونی یەكەم، یۆن سوک یۆلی تەمەن 63 ساڵان، لەناکاو سەپاندنی یاسای باری سەربازی لەو وڵاتە ڕاگەیاند، بەڵام دوای شەش كاتژمێر و لە ژێر فشاری پەرلەمان و شەقامدا ناچار بو لەو هەنگاوەی پاشەکشە بکات و دواتر داوای لێبوردنی لە خەڵكی وڵاتەكەی كرد.