عەون زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ شاندێکی تەکنیکی وەزارەتەکەی سەردانی تورکیا دەکات.
عەون زیاب عەبدوڵڵا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە سەردانی شاندەکە کرد و رایگەیاند، سەردانی شاندەکە بۆ تاوتوێکردنی زیادبوونی رێژەی ئاوە لە وەرزی هاویندا، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر پلانی کارپێکردنی بەنداوەکان.
باسی لەوەش کرد، لە بەشێکی گفتوگۆکان تیشکدەخرێتەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی بەردانەوەی ئاو بۆ 400 مەتر سێجا لەچرکەیەکدا کە ئێستا 340 مەترسێجایە لەچرکەیەکدا، جگە لەسەردانیکردنی بەنداوەکانی تورکیا کە لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فورات دروستکراون، بەئامانجی بینینی پلانی ئەو وڵاتە بۆ کۆکردنەوەی ئاو.
عەون زیاب عەبدوڵڵا وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەی سێ لیژنەی پێکهێناوە کە پێکهاتوون لە تەکنیکار و پسپۆڕ بۆ ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەکی ورد، تاوەکو بیخەنە ناو پلانی بودجەی وەبەرهێنانەوە لە وەزارەتی پلاندانان بۆ جێبەجێکردنی، کە بریتییە لە دەستنیشانکردنی شوێنەکان بۆ دروستکردنی بەنداوی کۆکردنەوەی ئاوی باران لە وەرزی زستاندا لە ناوچەکانی بیابانی ڕۆژئاوا، بادیەی باشوور و باکوور و لە ناو دۆڵی بیابانەکاندا.