ئەمریکا لەبارەی هێرشی ئاسمانی سەر بنکە سەربازییەکان داوایەک لە سوودانی دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بەرپرسی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هەریر و عەین ئەسەد دادگایی بکات، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین جار هێرشی ئاسمانی کرایە سەر هێزە ئەمریکییەکان لەو بنکانە. ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، سوپاسی حکومەتی عێراقی دەکەن لە ئیدانەکردنی هێرش و هەڕەشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکە سەربازییەکانی عەین ئەسەد و هەریر. ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بەرپرسی هێرشی سەر بنکە سەربازییەکان دادگایی بکات و پابەند بێت بە گرەنتیکردنی ئاسایشی ئەو ناوچانە. پێشتریش یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاڕاستە کردوە بۆ چاودێریکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکان ئەنجامدا. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو حەوت جار بنکە دوو بنکەی سەربازی هەرێم و عێراق لەلایەن گرووپی چەکداری "المقاومة الاسلامیة فی العراق" بە فڕۆکەی بێ فرۆکەوان هێرشیان کرایە سەر. سێ لەو هێرشە ئاسمانیانە بۆ سەر بنکەی سەربازی هێزە ئەمریکییەکان بوو لە قەزای هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر، زۆربەی هێرشەکان پوچەڵکرانەوە تەنها یەکێکیان بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان.