بکوژی سێ هاووڵاتییەکەی قەڵادزێ دەستگیرکرا

پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین رایدەگەینن، تۆمەتباری سەرەکی رووداوی کوشتنی سێ هاوڵاتییەکەی قەڵادزێ لە نزیک شەقڵاوە دەستگیرکراوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، " دوای ئەوەی لە شەوی پێنجشەممەی رابردوو لە قەڵادزێ سێ کەس لە یەک کات و شوێن کوژران، دەستکرا بە رێکارە یاساییەکان و لە دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچوونی هێزە هاوبەشەکانی پۆلیس و ئاسایش لە سنوری ئیدارەی راپەڕین بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار، بەسوود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێریکردن لە ئەنجامدا تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکرێت".

 ئاماژەیان بەوەشکرد، "بەپێی زانیارییەکان دەرکەوت تۆمەتبار لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکە هەڵاتووە بۆ دەرەوەی سنووری ئیدارەی راپەڕین، لە سنووری کۆڕێ سەربە قەزای شەقڵاوە لە ماڵێک خۆی حەشار داوە، دواتر توانرا دەستگیربکرێت".

ئاشکراشیانکرد، "تۆمەتبارەکە ناوی (ق،هـ،ع) لەدایکبووی ساڵی 1994ە و پیشەی پێشمەرگەیە و دانیشتووی سنووری قەزای پشدەرە، لە ئێستادا چاوەڕوان دەکەین تۆمەتباری ناوبراو رادەستی هێزەکانی پۆلیسی ڕاپەڕین بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندی شوێنی رووداوەکەوە بۆ ئەوەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت".