وەزیری بەرگریی تورکیا: پەکەکە تۆمەتباری هێرشەکەی ئەنقەرەیە

وەزیری بەرگریی تورکیا، رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت هێرشەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی ئەنقەرە بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەو هێرشە چەکدارییەی کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە و بە هۆیەوە 18 قوربانیی لێکەوتەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

یەشار گولەر، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە "جارێکی دیکە هێرش کرایە سەر TUSAŞ و هەوڵ درا ئارامیی وڵاتمان تێک بدەن. هەموو جارێک سزای رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەی بێشەرەفمان داوە، بەڵام هەرگیز بە هۆش خۆیان نایەنەوە. وەک هەموو جارێک دووبارەی دەکەمەوە، تا دوا تیرۆریست لەناو دەچێت، دەست لە ڕاوەدوونانی ئەوان هەڵناگرین. ئازارێکی هاوشێوەی زۆر بەتینیان پێ دەچێژین. گومانتان لەوە نەبێت هەمووتان ئەوە بە چاوی خۆتان دەبینن."

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە.

مێدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشکەران و هێزە ئەمنییەکان، یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە." باسیان لەوەش کرد "دوو چەکدار هێرشەکەیان بۆ سەر کۆمپانیاکە کردووە و کوژراون. بەهۆی هێرشەکەوە 4 کەس شەهیدبوون و 14کەسی دیکە بریندار بوون."