راگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی

دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هەردوولا راگەیەندروێکی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.

دەقی راگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی:

کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەباشان ئەنجام درا. دوای تاووتوێی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و عیراق و کوردستان بە تایبەتی، هەردوولا تەئکیدمان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی کردەوە و تەواوی تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان لە پێناو بژێوی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

بە ئاڕاستەی زیاتر چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان هەردوولامان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێککەوتین:

١. هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

٢. بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.

٣. بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.

٤. هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.

٥. لە پێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.