دوایین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران

وەزارەتى دارایی داوای لە سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکان کردووە کە مانگانە لە کاتى خۆیدا (پێش 10ـى مانگ) لیستى مووچەى فەرمانبەران رادەست بکرێت.


بەپێى نوسراوێک کە واژۆى ئاوات جەناب نورى، وەزیرى دارایی لەسەرە و دوێنێ دووشەممە دەرچوە و ئاڕاستەى سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنى وەزیران و ئەنجومەنى دادوەریی و گشت وەزارەت و دەستە و فەرمانگە نەبەستراوەکانى کردووە؛ داوا دەکات لیستى مووچەى پەسەندکراووى بۆ بنێردرێت.

بەپێى نوسراوە دوو خاڵییەکەى وەزارەت، دارایی هەرێم داواى کردووە هەمو ئەو وەزارەت و دەستە و فەرمانگانە مانگانە لیستى مووچە بەپێى مووچەى بنەڕەت، جۆرى دەرماڵە، لێبڕینى خانەنشین و باجى دەرامەت بە وردبینى و پەسەندکراوى بنێردرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەکان بۆ مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵ.

هەروەک وەزارەتى دارایی داوایشى کردووە هەمو وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان مانگانە لە پێش (10)ـى مانگەوە لیستى مووچەکانیان بنێرن و جەختیش دەکاتەوە کە هەر لایەنێک بەرپرسیار دەبێت لەو زانیارییانەى دەینێرێت بۆ وەزارەتەکە.


ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندى دەربڕى لەسەر ناردنى بڕى 680 ملیار دینارى مانگانە بۆ هەرێمى کوردستان بەمەبەستى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.