ئایدن مەعروف: بۆ چەسپاندنی مافی پێکھاتەی تورکمان وەکو بەرەی تورکمانی لە دادگای فیدراڵی سکاڵامان تۆمار کرد

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، وەکو بەرەی تورکمانی عێراقی و رێکخراوی باڕش بۆ ھاوکاری مرۆیی، بۆ داواکاریی چەسپاندنی مافی پێکھاتەی نەتەوەیی تورکمان و کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵامان تۆمار کرد.

ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تەبای راگەیاند، کە ئەوان دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقن کە لە ٢١ی شووباتدا دژی کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان دەریکرد، و لە دابەشکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان رەچاوی مافی پێکهاتەکان نەکراوە و پێچەوانەی دەستوور بڕیاردراوە، بەو پێیەی نوێنەرایەتی تەواوی پکێهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو نەگیراوە.

ئایدن مەعروف وتیشی، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ 14-5-2024، وەکو بەرەی تورکمانی عێراقی و رێکخراوی باڕش بۆ ھاوکاری مرۆیی، بۆ داواکاریی چەسپاندنی مافی پێکھاتەی نەتەوەیی تورکمان و کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، کە بە سیستەمی کۆتا بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکەن لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵامان تۆمار کرد.

رۆژی 21ی شوباتی 2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بۆ 100 کورسی کەمبکرێنەوە.