پارێزگاری هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك بڕیار بۆ بازاڕی قه‌یسه‌ری ده‌رده‌كات
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • پارێزگاری هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك بڕیار بۆ بازاڕی قه‌یسه‌ری ده‌رده‌كات

پارێزگاری هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك بڕیار بۆ بازاڕی قه‌یسه‌ری ده‌رده‌كات

ئایار 8, 2024 18:39
پارێزگاری هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك بڕیار بۆ بازاڕی قه‌یسه‌ری ده‌رده‌كات
0

لایک

پارێزگاری هه‌ولێر له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ دوكاندار و كاسبكارانی بازاڕی قه‌یسه‌ری رایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وكه‌ به‌رده‌وامه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌وه‌ی به‌ هۆی پابه‌ند نه‌بوونه‌ بووه‌ به‌ رێنماییه‌كان، یان ده‌ستێكی خراپكاری له‌ پشت بووه‌ و ده‌شڵێت، “ئه‌منیه‌تی بازاڕه‌كه‌ ده‌درێته‌ ده‌ست ئاسایش و پۆلیس”.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، به‌ ئاماده‌بوونی جێگری پارێزگار و قائیمقامی ناوه‌ندی و سه‌رۆكی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی كاره‌بای هه‌ولێر، له‌ دیوانی پارێزگا، پێشوازیكرد له‌ به‌شێك له‌ دوكاندار و كاسبكارانی بازاڕی قه‌یسه‌ری.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، “وه‌ك حكومه‌ت و پارێزگای هه‌ولێر، له‌ ئێوه‌ زیاتر دڵگران و خه‌مبارین به‌و ڕوداوه‌ی له‌ بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر ڕویداوه‌، چونكه‌ هه‌ولێر واتا (قه‌ڵا، مناره‌ و بازاڕی قه‌یسه‌ری) حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگای هه‌ولێر گرنگییه‌كی زۆر به‌و سێ شوێنه‌ ده‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌و شوێنانه‌ ناسنامه‌ی شاره‌كه‌مانن، هه‌روه‌ها نه‌ك ئێمه‌ به‌ته‌نها بگره‌ هه‌مو خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر دڵگران و خه‌مباره‌ به‌ سوتانی ئه‌و بازاڕه‌”.

وتیشی، “لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وكه‌ به‌رده‌وامه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی هۆكاره‌كانی، كه‌ ئایا به‌ هۆی كه‌مته‌رخه‌می و پابه‌ند نه‌بونه‌ بوه‌ به‌ ڕێنماییه‌كان، یان ده‌ستێكی خراپكاری له‌ پشت بوه‌، به‌مزوانه‌ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان بۆ رایگشتیی ئاشكرا ده‌كرێت و هۆكاری سه‌ره‌كی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت”.

ئومێد خۆشناو باسی له‌وه‌شكرد، “وه‌كو پارێزگای هه‌ولێر، جگه‌ له‌ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌، لیژنه‌یه‌كی ته‌كنیكی پێكهێنراوه‌ بۆ خه‌مڵاندنی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوكان و شوێنانه‌ی كه‌ به‌ هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌وه‌ زیانیان پێگه‌یشتوه‌، له‌ ئێستاشدا تیمه‌كانی ژینگه‌پارێزی ده‌ستیانكردوه‌ به‌ پاككردنه‌وه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری بازاڕه‌كه‌ و كردنه‌وه‌ی به‌ ڕوی دوكانداران و هاوڵاتییان، پێویسته‌ ئێوه‌ش هاوكارمانبن بۆ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان و هه‌ڵگرتنی سه‌رجه‌م زێده‌ڕۆیی و سه‌رپێچییه‌كانی نێو بازاڕه‌كه‌”.
پارێزگاری هه‌ولێر ده‌شڵێت، “بۆ له‌مه‌ودوا هه‌ڵواسینی په‌رده‌ له‌ دوكانه‌كان كه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی بو به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌ ده‌بێت”.

له‌ باره‌ی پێدانه‌وه‌ی كاره‌باش به‌ بازاڕه‌كه‌، كه‌ داواكاری كاسبكارانی بو، پارێزگاری هه‌ولێر وتی، “به‌ڕێوه‌به‌روه‌به‌رایه‌تی كاره‌بامان ڕاسپردوه‌، ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكات و ئه‌و دوكانانه‌ی كه زیانیان به‌رنه‌كه‌وتوه‌ خاوه‌نه‌كانیان ده‌توانن له‌ ئه‌مڕۆوه‌ دوكانه‌كانیان بیكه‌نه‌وه‌ و ده‌ستبه‌ كار و كاسبی خۆیان بكه‌ن، بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش دوای پاككردنه‌وه‌ی شوێنی ڕوداوه‌كه‌ لیژنه‌ هونه‌ری پارێزگا، ده‌ست به‌ خه‌مڵاندنی چۆنیه‌تی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی دوكانه‌ سوتاوه‌كان ده‌كه‌ن”.

له‌كۆتایشدا، سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی ئه‌منییه‌تی بازاڕه‌كه‌، پارێزگاری هه‌ولێر وتی، “ئه‌و پاسه‌وانانه‌ی كه‌ بۆ پاراستنی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر دانرابون نامێنن و له‌ شوێنی ئه‌وان، پاراستن و ئه‌منییه‌تی بازاڕه‌كه‌ به‌ ئاسایش و پۆلیس ده‌سپێردرێت”.

En az 10 karakter gerekli