“هیچ مامۆستایەک سزا نادرێت کە ‘هەژماری من’ پڕ ناکاتەوە”

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ فشارێک لەسەر مامۆستایان نیە بۆ کردنەوەی “هەژماری من” و رەتیشی کردەوە کە  سزای مامۆستایان بدرێت ئەگەر ئامادە نەبن هەژماری من دروستبکەن.

ئەمڕۆ دوشەممە، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە هیچ فشارێک لەسەر مامۆستایان نییە بۆ کردنەوەی "هەژماری من"، بەڵکو ئەوان وەکو رێکارێکی ئیداریی نوسراوێکی فەرمی حکومەتیان بۆ پەروەردەکان ناردووە و ئەوانیش رەوانەی قوتابخانەکانیان کردووە.


بەڕێوەبری پەروەردەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو کە خۆی “هەژماری من”ی کردووەتەوە، چونکە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕێککەون ئەوا حکومەتی عێراق “نە گوێ لە من دەگرێت نە لە هیچ مامۆستایەک”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هیچ سزایەکیان دیارینەکردووە بۆ ئەو مامۆستایانەی کە ئامادەنین "هەژماری من" پڕبکەنەوە.

سیستەمی "هەژماری من" حکومەتی هەرێم دەیەوێت کاری پێ بکات و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت لەمەودوا دابەشکردنی مووچە لەرێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە بێت.