سبەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی هەرێم رادەگەیەنرێت
وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی کاتژمێر 10ـی بەیانی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی هەرێم رادەگەیەنرێت.
دوای نۆ رۆژ لە کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-عێراق، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی کاتژمێر 10ـی بەیانی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی هەرێم رادەگەیەنرێت.
20ـی ئەم مانگە دەرگای هەزار و 266 بنکەی دەنگدان بە ڕووی دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 دەنگدەر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق کرایەوە و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوەچوو و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان 72٪ـی دەنگدەران بەشداری دەنگدانیان کردووە.
دواتر، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە دەنگدانی گشتی دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و لەو ژمارەیەش، دوو ملیۆن و 87 هەزار و 972 کەس بە رێژەی 72٪ بەشدار بوون لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق.