وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا 117 حاڵەتی نەخۆشی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارکراون و لەوانەیە ژمارەی تووشبووان زیاتریش بێت و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمارنەکراوە.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ناوچەکانی عێراق و هەرێم هەڵگری ئەو بەکرتریایەن کە دەبێتە هۆی نەخۆشی کۆلێرا و ئەو سەرچاوەی ئەو نەخۆشیەش زیاتر لە نێو ئاودا هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا 117 حاڵەتی نەخۆشی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارکراون و بەڵام مانای ئەوە نییە تەنها ئەوەندە تووشبووە هەیە، بەڵکو هەندێک لە هەڵگری بەکتریاکە نیشانەکانی پێوەدەرناکەوێت یاخود بە سادەیی تووش دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشوەختە پێشبینی دەکرا کە نەخۆشی کۆلێرا بڵاوبێتەوە و نوسراوی وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئەو نەخۆشییە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن.
باسی لەوەشکرد، رێژهی 20٪ی دانیشتووانی شاری سلێمانی سەرچاوەی ئاوی فەرمییان نییە و تەنها 60 شەمعەی ئاوی سلێمانی رێنماییەکانی تەندروستی جێبەجێ دەکەن و کلۆر بەکاردەهێنن.
وەزیری تەندروستی ئاشکرایکرد، دوای توێژینەوەکان دەرکەوتوە هۆکاری سەرەکی بڵابوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا ئاوی خواردنەوەیە و هۆکارەکانی دیکەش سەوزوات و هەندێک لە خواردنەوەکانە و ئەویش لەلایەن بەرێوەبەرایەتی تەندروسی سلێمانییەوە لە خواردنگەکان قەدەغەکراوە و پشکنین بۆ شوێنی چاندن و شێوازی ئاودانی سەوزەواتەکان کراوە.