پارتی و یەکێتی راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌؛ لەسەر سێ پرس رێککەوتن

کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆتاییهات و هەردوولا لەسەر سێ پرس رێککەوتن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-02-2024، کاتژمێر 11:00، کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان، لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد. کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر و تاوەکو کاتژمێر 14:00 بەردەوام بوو.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، پارتی و یەکێتی راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی راگەیەنداوەکە هەردوولا کۆک بوون "لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی پارێزگای کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەین" .

بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، پارتی و یەکێتی هاوڕابوون، "لە ئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژێوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی".

ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بوو لە ساڵی 2024 و دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی سەرۆکایەتیی شاندی حزبەکەی دەکرد و، بافڵ تاڵەبانیش، سەرۆکی یەکێتی، سەرۆکایەتیی شاندی ئەو حزبەی دەکرد.