لەگەڵ زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن، دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت گەیشت بەکوێ؟
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • لەگەڵ زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن، دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت گەیشت بەکوێ؟

لەگەڵ زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن، دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت گەیشت بەکوێ؟

ئه‌یلول 10, 2023 14:29
لەگەڵ زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن، دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت گەیشت بەکوێ؟
0

لایک

حاڵەتەکانی کوشتن لە هەرێم خەریکە سەردەکێشن بۆ دیاردە و سەرەکیترین هۆکاریش بۆ زۆر بوونی حاڵەتەکان بە قسەی شارەزایان دەگەڕێتەوە بۆ زۆر بوونی چەکی بی مۆڵەت و نا یاسایی لای هاووڵاتیان، دوای زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن لەهەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، “داوام لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بەسەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک.”

دوای ئەم بڕیارە وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی دەرکرد لە ٢١ی ٧ی ٢٠٢٢ بۆ ماوەی ساڵێک ٤٠ بنکەی کۆکردنەوەی چەکی ئاگرین لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەشی پۆلیس لە قەزاکان بکاتەوە بە مەبەستی تۆمارکردنی ئەو چەکانەی بێ مۆڵەتن.

دواتر رۆژی ١٤ـی ٦ی ٢٠٢٣، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ناوی ٤٨ بنکەی دیکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی راگەیاند. بەو پێیەش ژمارەی ئەو بنکانە لە شار و شاروچکەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە ٩٥ بنکە.

دوای ئەوەی ٢٢ـی تەممووزی ئەم ساڵ دوایین مۆڵەت بوو بۆ پێدانی مۆڵەتی چەک و نوێ نەکرایەوە، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، یاسای چەک دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و بەگوێرەی یاساکە، هەر کەسێک مۆڵەتی بۆ چەکەکەی وەرنەگرتبێت، دەتوانێت لە ماوەی دوو مانگدا مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک وەربگرێت.

پەرلەمانی کوردستان-عێراق رۆژی ١ـی ئاداری ٢٠٢٢ یاسای ژمارە دووی چەکی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد. بەگوێرەی ماددەی ١٥ـی یاساکە؛ هەر کەسێک بە بێمۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بەبەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک کە لە (٢.٠٠٠.٠٠٠) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥.٠٠٠.٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

بەگوێرەی یاسای چەک، هاوڵاتییان دەتوانن بۆ دوو جۆر مۆڵەتی داواکاری پێشکەش بکەن:

یەکەم: مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی: واتا ئەو کەسەی داوا دەکات کە مۆڵەت وەربگرێت چەکێکی هەبێت لە ماڵەوە، وەکو کلاشینکۆف یان دەمانچە؛ یانیش هەردووکیان و مۆڵەتەکەی بە گوێرەی یاسای چەک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت. ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ هەبوونی چەکە بە شێوەی یاسایی لە ماڵەوە و مافی ئەوە نادات بە هاووڵاتی تا چەکەکە هەڵبگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.

دووەم: مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی: ئەم مۆڵەتە بۆ هەبوون و هەڵگرتنی چەکە و بۆ یەک ساڵ سوودی لێ وەردەگیرێ و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.

وەک رۆژنامەی تەبا بۆ قسەکردن لەبارەی سزاکانی تۆمار نەکردنی چەکی بێ مۆڵەت و دوا وادەی وەرگرتنی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ موقەدەم کارزان ئەمیر، وتەبێژی پۆلیسی هەرێم ئەنجامدا.

هەڵمەتی تۆمارکردنی چەک و هەڵگرتنی چەک بە کوێ گەیشت؟

ئەو هەڵمەتە پار ساڵ لە ٢١ی ٧ راگەیەندرا، هەڵمەتەکە دەستیپێکرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، ئەو چەکانەی کە لای هاووڵاتیان هیچ ئەولەوییات و تۆمارکردنێکی نییە، ئەم هەڵمەتە لە ٢١ی ٧ی ئەمساڵ کۆتایی هات، کەواتە پرۆسەی تۆمارکردنی چەک کۆتایی پی هاتووە، لەو بنکانەی کە دەستنیشانکرابوو کە نزیکەی ٩٥ بنکە بوون، دوای ئەم بەروارە وەزارەتی ناوخۆ شەست رۆژی دیکەی دەسنیشان کرد بۆ ئەو کەسانەی کە چەکەکانی خۆیان تۆمار نەکرد لەماوەی ئەم ساڵە، بەڵام ئەم جارە تۆمارکردنی چەک نەما بووە داواکردنی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن، واتە ئەو کەسانەی لەماوەی ئەم ساڵە چەکەکانییان تۆمار نەکرد لەماوەی ئەم ٦٠ رۆژەی کەلەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دیاریکراوە دەتوانن تەنها داوای مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بکەن، چونکە ئێمە مۆڵەتاکانمان دوو جۆرە،؛ جۆری یەکەممان هەڵگرتنی چەکە، جۆری دووەم مۆڵەتی بوونی چەکە ئەویش تەواو بوو، ئەو ماوەشی کە دیاریکراوە بۆ داواکاری هەڵگرتنی چەک هێشتا وادەکەی تەواو نەبووە و لەکۆتایی مانگی ٩ کۆتایی دێت.

دوای ئەم وادەیەی کە دیاریکراوە هەڵمەتی دەست بەسەر داگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەست پێدەکات؟

لەو رۆژەوی کە وادەی تۆمارکردنی چەک تەواو بوو، هەر لەماوەی ئەمساڵەش و پێشوتریش ئێمە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکمان هەبووە، لەلایەن مەفرەزە هاوبەشەکانمان چەکێکی بەرچاو دەستی بەسەردا گیراوە، وەکو باسیشم کرد ئەو ماوەشی کە دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن هێشتا وادەکەی تەواو نەبووە، لە ئێستادا دەتوانن هاووڵاتی بچن داوی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بکەن، بەڵام ئەوەی چەکی تۆمار نەکردووە لەهەر مەفرەزەیەک لەهەر شوێنێک دەستی بەسەردا بگیرێت، ئەوا چەکەکەی بەقاچاغ هەژمار دەکرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، وەکو لە مادەی ١٥ی یاسای چەکی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دەستنیشانکراوە کەوا سزاکانی چەکی بێ مۆڵەت بەندکردنە لەنێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ وە پێبژاردن لەنێوان دوو ملیۆن دیناری عێراقی تا پێنج ملیۆن دیناری عێراقی. دەمەوێت ئەوەش بڵێم لە دوای تەواو بوونی کۆتا وادەی وەرگرتنی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن هیچ پاساوێک نییە کە هاووڵاتی چەکی بی مۆڵەتی لا بێت، چوونکە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک مۆڵەت هەبوو بۆ تۆمارکدنی چەکەکان و وەگرتنی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک.

ئەو داواکارییانەی پێشکەشکراون بۆ تۆمارکردنی چەک و هەڵگرتنی چەک چۆن مۆڵەتیییان پێدەدرێت، مەرجەکان چین بۆ وەرگرتنی مۆڵەت؟

تەنها چەکی ئاگرین مۆڵەتی پێدەدرێت وەکو کلاشینکۆف و دەمانچە و هاوشێوەکانی، واتە چەکی جەنگی مۆڵەتی پێنادرێت. مەرجەکان لە پێشوتر توندتر کراون لە ١٨ ساڵییەوە کراوەتە ٢١ ساڵ، هەروەها کەسەکە دەبێت باری دەروونی تەواو بێت راپۆرتی پزیشکی هەبێت کەهیچ جۆرە نەخۆشییەکی نییە، راپۆرتی ئەمنی هەبێت لەو گەڕەکەی کە لێی نیشتەجێیە و هیچ کیشەیەکی نییە، بۆ ئەوەشی کەداوای کردووە چەک هەڵبگرێت دەبێت پاساوێکی هەبێت، بێ بوونی پاساو ناتوانێت داوای هەڵگرتنی چەک بکەی، پاساوەکەش لەلایەن لێژنەیەکەوە بەدوواداچوونی بۆ دەکرێت ئایا ئەم کەسە شایستەیە چەک هەڵبگرێت یاخود نا، دواتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیران ٨ لیژنە پێکدەهێندرێت، ئەم لیژنانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو تۆمارانە دەکەن کە بۆ چەکەکان تۆمارکراوە، بێگومان ئەو داواکارییانەشی کە تۆمارکراون ئەگەری رەتکردنەوەی هەیە، چونکە لە ماوەی ئەم ساڵەی کەدیاری کرابوو زیاتر لە ١٧ هەزار چەک تۆمارکراوە، ئەمانە لە لیژنەکەدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت ئەوانەی مەرجەکانیان لی بەدی دەکرێت مۆڵەتییان پێدەدرێت کە چەکییان هەبێت بەبێ ئەوەی لە دەرەوە لایان بێت، ئەوانەشی داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتنییان کردووە ئەوانیش بەهەمان شێوە لیژنەکە بڕیاری لەسەر دەدات کە چەک هەڵبگرێت یاخود نا.

سەبارەت بە شوێنەکانی مامەڵکردنی بە نایاسایی چەک چی رێکارێک دەگیرێتە بەر؟

ئێمە لەیەکەم رۆژی دەرچوونی بڕیارەکە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دەستبەجی ئەو شوێنانەی کە مامەڵە و چاکردنی چەکییان دەکرد دەستبەجێ شوێنەکان داخران و ئاگاداریش کرانەوە کەوا هەر کەسێک ئاڵوگۆر بە چەک بکات بە تووندترین شێوە سزا دەدرێن، هەروەها چەند کەسێکی دیکەمان دەستگیرکردووە کە لە رێگای ئۆنلاینەوە کرین و فرۆشتنی چەکییان دەکرد و بەرردەوامیش دەبین.

En az 10 karakter gerekli