داهاتی مانگی رابردووی نەوتی عێراق زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی نەوت لە مانگی رابردوو زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، کۆی هەناردە و داهاتی نەوت بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2023، کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوتی خاو گەیشتووەتە 108.056 ملیۆن بەرمیل، داهاتەکەش 8.32 ملیار دۆلار بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆی بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، نزیکەی 107.6 ملیۆن بەرمیل بووە، هاوکات بڕی هەناردەکراو بۆ شانشینی ئوردن 464.6 هەزار بەرمیل بووە".

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆی داهاتی نەوت بۆ مانگی کانوونی یەکەم بە بڕی 196 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە، واتە بەڕێژەی 3%، بە بەراورد بە مانگی 11، کە ئەم مانگنە گەیشتووەتە 8.316 ملیار دۆلار و لە مانگی پێشووش داهاتەکەی 8.512 ملیار دۆلار بووە.