بایدن: پێویستە گرژییەکان لە ژیانی سیاسیمان کەمبکەینەوە

 

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی کرد و رایگەیاند، ناکرێت سیاسەت بکرێتە گۆڕەپانی جەنگ و وتیشی، تاوەکو ئێستا نازانرێت پاڵنەری ئەو کەسەی تەقەی لە ترەمپ کردووە چیبووە.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "پێویستە گرژییەکان لە ژیانی سیاسیمان کەمبکەینەوە، نابێت سیاسەت بکرێتە گۆڕەپانی جەنگ".

راشیگەیاند، "هەموومان لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان رووبەڕووی تاقیکردنەوەی سەخت دەبینەوە، هەرچەندە مەترسییەکان زیادببن پەرۆشیمان زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستە رێگە بەتووندوتیژی نەدەین و ئێستا کاتی ئارامییە، خۆشحاڵی خۆشی بۆ رزگاربوونی ترەمپ لە هەوڵی کوشتن دەربڕی.

بایدن باسى لەوەشکرد، "تاوەکو ئێستا پاڵنەری تەقەکەرەکەی سەر بانگەشەکەی دۆناڵد ترەمپ نازانین چییە، بەڵام ئەمە وامانلێدەکات رێوشوێنی ئەمنی زیاتر بگرینەبەر، نازانین تاوەکو ئێستا هێرشبەرەکە هیچ یارمەتییەکی لەکەسانی دیکە وەرگرتووە یاخود نا".