حکومەتی عێراق داوای راگرتنی تووندوتیژییەکان لە ناوچەکە دەکات

وتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر سنوری سوریا و ئوردن دەرکرد و دەڵێت بەداخەوە چاودێری پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەکەین.

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بەداخێکی زۆرەوە چاودێری ئەو پەرەسەندنە بەردەوامانەی ناوچەکە دەکەین، لەناویشیاندا بەتایبەت ئەو هێرشەی کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سنووری سووریا و ئوردن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتێکدا عێراق داوای راگرتنی توندوتیژی و گرژییەکان دەکات، ئامادەیی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ کارکردن لەسەر رێگری لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان.

باس لەوەشکراوە، کاردانەوەکانی ئەم پێشهاتانە هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکەن، هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان تێکدەدەن، بازرگانی و ئابووری و دابینکردنی وزە دەخاتە مەترسییەوە.