17 هاوڵاتیی مەدەنى لە ئەنبار بوونەتە قوربانیی هێرشەکەى ئەمەریکا

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بە کوژان و برینداربوونى 17 هاوڵاتیی مەدەنیی دەکەن لە کۆتا هێرشى ئەمەریکا بۆسەر گروپە چەکدارەکان. سەرچاوە ئەمنییەکانى پارێزگاى ئەنبار بە میدیا عێراقییەکانیان راگەیاندووە کە بەهۆى هێرشەکەى دوێنێی ئەمەریکاوە 17 هاوڵاتیی مەدەنى کوژراون و بریندار بوون. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ئەمەریکا بەشێوەیەکى هەڕەمەکیی ناوچەیەکى نیشتەجێبوونى لە قەزاى قائیم بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتیی مەدەنیی کوژراون و 14ـى دیکەیش بریندار بوون کە برینى بەشێکیان سەختە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن. ئەوەش ئاشکرا کراوە کە بەهۆى هێرشەکەى ئەمەریکاوە گەیاندنى بەشێک لە بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە کارێکى قورس بووە و تا ئێستاش بەشێک لە بریندارەکان چاوەڕێی ئەوەن بگەیەنرێنە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر. لەبارەى ئەم هێرشەوە، کۆشکى سپى رایگەیاند؛ بە فرۆکەى جەنگى ئەم کارە ئەنجامدراوە و هێندە ورد بووە لە پێکانى ئامانجەکەى و بەجۆرێک بووە کە هاوڵاتیی مەدەنى تێدا نەبێتە قوربانیی.