سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان – عێراق و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن.
دوێنێ هەینی 3-1-2025، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە پێگەیشت و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان – عێراق تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاگەیێنراوی حکومەتی هەریمی کوردستان – عێراق، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا، چونکە وەستانی زیانێکی زۆری لە بودجەی گشتیی عێراق داوە.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە پێویستیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم بەپێی دەستوور و ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان – عێراق لە برەودان بە سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە، گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
هاوکات هەر لە ڕاگەیێنراوەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، بەهۆی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بەر بودجەی گشتیی عێراق گەیشتووە.