دوای دەستبەکاربوونی وەکو وەزیری دەرەوەی سووریا ئەسعەد حەسەن شەیبانی یەکەم سەردانی فەرمیی بۆ سعودیە کرد، بڕیارە لەم هەفتەیەدا سەردانی هەریەکە لە قەتەر، ئیمارات و ئوردن بکات.
حکومەتی نوێی سووریا بەپەرۆشە بۆئەوەی وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداو لە وڵاتەکەی وەبەرهێنان بکەن بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکە و گەشەکردنی ئابوورییەکەی، کە زیاتر لە دەیەیەکە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە.ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، “ئەم هەفتەیە بە فەرمی سەردانی براکانمان لە قەتەر، ئیمارات و شانشینی ئوردن دەکەم.”
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، چاوەڕوانن ئەم سەردانانە هاوکاربن لە سەقامگیری، ئاسایش، بووژانەوەی ئابووری و بونیادنانی هاوبەشیی جیاواز.
سەرەتای هەفتەی رابردوو شەیبانی سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای کرد بۆ ریازی پایتەختی سعودیە، کە وەزیری بەرگری و بەرپرسی هەواڵگریی سووریاش لە شاندەکەدا بوون.
سەردانی وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ سعودیە یەکەم سەردان بوو بۆ دەرەوەی وڵاتەکە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد.
بەپێی سەرچاوەیەکی سعودی، مانگی رابردووش شاندێکی سعودیە لە دیمەشق چاویان بە ئەحمەد شەرع، سەرکردەی نوێی سووریا کەوتووە.
هەفتەی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیەی سعودی، ئەحمەد شەرع گوتی، سعودیە “رۆڵێکی گەورەی لە داهاتووی سووریادا دەبێت.”