دادگەی فیدراڵی بڕیاردانی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخست

دادگەی فیدڕاڵی عیراق بڕیاردانی لەسەر سکاڵایەک کە دژ بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمارکرابوو دواخست بۆ 21-1-2024.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 27-12-2023،‌ داگای فیدڕاڵی عیراق سەبارەت بە سكاڵایەک کە دژ به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق تۆمارکرابوو كۆبوەوە كه‌ له‌لایه‌ن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعون، ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکرابوون و داواکرابوو پێنج ماددەی یاساکە بە نادەستووری دابنرێت.

دادگاکە بڕیاریدا دانیشتنی خۆی تایبەت بە سکاڵاکە بۆ رۆژی 21-1-2024 دوابخات و لەو رۆژەدا بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایە بدات.

پێشتر دادگای فیدڕاڵی چەندجارێک دانیشتنەکانی خۆی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە کە زیاتر لە شەش مانگە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمارکراوە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە دادگاکە دانیشتنەکانی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخست.