سعوودیە زمانی چینی بۆ پڕۆگرامی خوێندن زیاد دەکات

وەزارەتی پەروەردەی سعوودیە رایگەیاند؛ ئامادەکاری دەکەن بۆ جێبەجێکردنی زیادکردنی زمانی چینی بۆ بەرنامەی خوێندنی سەرجەم خویندنگا و زانکۆکانی شانشینەکە. وەزارەتی پەروەردەی سعوودیە راگەیەندراویکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، حکومەتی سعوودیە ئامادەکاری دەکات بۆ زیادکردنی خوێندنی زمانی چینی بۆ تەواوی پڕۆگرامی خوێندن لە خوێندنگە و زانکۆکانی وڵاتەکە. ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرجەم قوتابخانەکان پابەند دەکرێن لە هەفتەیەکدا دوو وانەی زمانی چینی بخوێنرێت. ئاماژەی بەوەشکراوە، پەسەندکردنی پڕۆژەی خوێندنی زمانی چینی لە قوتابخانەکانی سعوودیە لەدوای سەردانەکەی محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ پەکینی پایتەختی چین دێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا، کابینەی سعوودیە یاداشتێکی هاوکاری بۆ فێرکردنی زمانی چینی لە نێوان وەزارەتی پەروەردەی شانشینی سعوودیە و وەزارەتی پەروەردەی چین پەسەند کرد