سەرۆكکۆماری عێراق پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا دەکات

د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ دووشەممە 19-2-2024 لە کۆشکی بەغداد پێشوازی کرد لە عەلی رەزا گونای باڵیۆزی کۆماری تورکیا لە عێراق.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاندووە، لە میانی دیدارەکەدا، بەڕێز سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر بایەخی پتەوکردنی هاریکاری و کاری هاوبەش سەبارەت بە بوارە ئەمنی و ئابوری و بازرگانییەکان. هەروەها پێویستی هەماهەنگی لە دۆسیەی ئاودا دوپاتکردەوە، بەشێوەیەک کە پشکێکی دادپەروەرانە بۆ عێراق مسۆگەر بکات و پێویستییەکانی دابین بکات.

هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، لای خۆیەوە باڵیۆز عەلی رەزا گونای پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دووپاتکردەوە، هەروەها جاختیکردەوە لەسەر خواستی پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارەکانی بەرژەوەندی هاوبەش و جێبایەخی هەردوولا، بەشێوەیەک کە خواستەکانی هەردوو وڵات و گەل بەدیبهێنێت.