لەبارەی وادەی کاراکردنی زانکۆلاین زانیاری نوێ راگەیەندرا

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، تا تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم کۆتاییان نەیەت و ئەنجامەکان رانەگەیەندرێن، زانکۆلاین کاراناکرێت.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، سەرجەم زانکۆکان راسپێردراون پلانی خۆیان بۆ وەرگرتنی خوێندکاران رەوانە بکەن بە شێوەیەک بتوانن زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ دەرچووانی قۆناغی 12 بڕەخسێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا چاوەڕوانی تەواوبوونی خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12 ی ئامادەیین، دوای ئەوەی ئەنجامەکان ئاشکراکران وەزارەتی پەروەردە بە شێوەیەکی رەسمی ناوی دەرچووانمان ئاڕاستەدەکات و ئێمەش وردبینیان بۆ دەکەین و وشەی تێپەڕ و یوزەرنەیم لە رێگای خوێندنگەکانەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشدەکرێت دوای تەواوبوونی ئەو پرۆسانە، وێبسایتی زانکۆلاین چالاکدەکەین و پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕم بە شێوەی ئۆنلاین دەستپێدەکات.

ئاشکراشیکرد، بۆ ئەمساڵ زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ خوێندکاران دەڕەخسێنین، داشکاندن لە کرێی خوێندنی پارارێڵ و ئێواران بە رێژەی 45% بەردەوام دەبێت.