پێشەوا هەورامانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە پێی ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، بۆ ئەوەی كۆمپانیای سۆمۆ ڕواڵەتێكی فیدڕاڵی وەربگرێت و نوێنەری هەرێم لەناو پێكهاتەی بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكە ئامادە بێت، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، د.حەمدی ئیلیاس (حەمدی شەنگالی)ـی بۆ پۆستی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ دیاریكرد.
ئاماژەی بەوەشكردوە، دوای ڕەزامەندیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەر بۆ هەمان مەبەست وەزارەتی نەوتی عێراق فەرمانی وەزاری دەركرد و ناوبراو لە كۆمپانیای سۆمۆ دەستبەكاربوو.
كۆمپانیای نێودەوڵەتی بەبازاڕكردنی نەوت “سۆمۆ” ئەو كۆمپانیایەیە كە بەرپرسە لە بەبازاڕكردنی نەوت لە عێراق، تاكە دەسەڵاتی فەرمییە كە بەپێی یاساكانی عێراقی كارپێكراو، دەسەڵاتی پێدراوە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی هەناردەكردنی نەوتی خاو، هەروەها گرێبەستی هەناردەكردن و هاوردەكردنی بەرهەمەكانی نەوت.