بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاگری پاڵاوگەکەی گوێرمان کۆنترۆڵکرد

وتەبێژى بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، دوای نزیکەی 20 کاتژمێر ئاگری پاڵاوگەکەی گوێریان کۆنترۆڵکردوە و 14 کارمەندیشیان برینداربوون، هاوکات چوار ئۆتۆمبێلیشیان سووتاون. شاخەوان سەعید، وتەبێژى بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا وتى، ئاگرى پاڵاوگەکەى گوێر سەرەتا کۆنترۆڵى تەواو کرابوو، بەڵام بەرزبوونەوەى پلەى گەرما و بوونى پاڵەپەستۆ، بووە هۆى ئەوەى ئاگرەکە بگوازرێتەوە و خەزانى دووەمیش ئاگر بگرێت و بسووتێت. وتیشى، "بەهۆى ئەو کارەساتەوە 14 کارمەندمان برینداربوون، چواریان سووتاون و 10 کارمەندیش تووشى تەنگەنەفەسى بوون، هەروەها چوار ئۆتۆمبێلى بەڕێوەبەرایەتییەکەمان سووتاون". وتەبێژى بەرگریی شارستانیی هەولێر لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتى، رووداوەکە گیانلەدەستدانى بەدواوە نەبووە و لە کەمتر لە 20 کاتژمێر توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت، لە ئێستادا بەتەواوەتى ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە. شەوى رابردوو، ئاگر لە پاڵاوتگەى گوێر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کەوتەوە و ماوەى 20 کاتژمێر بەردەوامبوو، بەگوێرەى هەڵسەنگاندنى خاوەنى پاڵاوگەکە، نزیکەى حەت ملیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.