نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌په‌یامێكدا پشتیوانی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ واشنتن ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان به‌گه‌شبینیه‌وه له‌سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی بۆ واشنتن ده‌ڕوانێت.
نێچیرڤان بارزانی له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له پلاتفۆڕمی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) نوسیویه‌تی، “هه‌رێمی كوردستان به‌گه‌شبینیه‌وه له‌سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ واشنتن ده‌ڕوانێت، ئێمە بەتەواوی پاڵپشتی له‌و سه‌ردانه ده‌كه‌ین و دڵنیاین بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان له‌و سه‌ردانه‌دا ره‌چاو ده‌كرێت”.
ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕوو، “هیوادارین کۆبوونەوەکان به‌رهه‌مدار و ئەرێنی بن و ببنە هۆكاری گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هه‌ردوو وڵات”.
دوێنێ یه‌كشه‌ممه محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته واشنتن و بڕیاریشه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ژماره‌یه‌كی دیكه له به‌رپرسانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته كۆببێته‌وه.
له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌شه‌وه، باسم عه‌وادی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق دوپاتیكرده‌وه، سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ واشنتن به ئامانجی كاراكردنی چوارچێوه هاوكارییه‌كانی ناو رێككه‌وتنی چوارچێوه ستراتیژییه و راشیگه‌یاند، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بایدن و سوودانی بیروڕا له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك دۆسیه ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت.