وه‌زیری په‌روه‌رده‌ رێژەی ناوە تۆمارکراوەکانی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی ئاشکرا دەکات

بڕیار وایه‌ وه‌رزی نوێی خوێندن له‌ هه‌رێم له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو ده‌ستپێبكات، هاوكات وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تا ئێستا زیاتر له‌ 150 هه‌زار قوتابی له‌ پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی ناویان تۆماركراوه‌. به‌گوێره‌ی خشته‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، بڕیار وایه‌ رۆژی 13ـی ئه‌یلوولی 2023 وه‌رزی نوێی خوێندن بۆ ساڵی 2023 – 2024 له‌ سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكانی هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات، هاوكات ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 30ـی ئابی 2023، ژماره‌ی ئه‌و قوتابییانه‌ی كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار تۆمار كراون، گه‌یشتووه‌ته‌ 152645 هه‌زار قوتابی. وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و تۆمار و داتایه‌ رۆژانه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌رانی سیستمی "ئی په‌روه‌رده‌" به‌ به‌رده‌وامی داتان داخڵ ده‌كه‌ن. رۆژی 6ـی ئابی 2023، سامان سیوه‌یلی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لەبەر بەرژەوەندی گشتیی، کاتی تۆمارکردنی قوتابیانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، تا رۆژی (10 ی 8 ی 2023) لە قوتابخانە حکومییەکان درێژ كرده‌وه‌. پێشتریش وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رێکكارەکانی تۆمارکردن و وەرگرتنی منداڵان، قوتابیان/ خوێندکاران لە باخچە، قوتابخانە، خوێندنگە و کۆمەڵگە پەروەردەییە حکومییەکانی سه‌ر به‌ وەزارەته‌كه‌ بۆ وه‌رزی خوێندنی 2023 – 2024 بڵاوكردبووه‌وه‌. رێكاره‌كانی تۆماركردن و وه‌رگرتن لە باخچە، قوتابخانە، خوێندنگە و کۆمەڵگە پەروەردەییە حکومییەکان له‌ 14 خاڵ پیكهاتبوو و له‌ خاڵی یه‌كه‌مدا جه‌خت له‌سه‌ر مه‌رجی شوێنی جوگرافی كرابووه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی منداڵان و قوتابیان/ خوێنداران. هه‌روه‌ها به‌پێی خاڵیێكی دیكه‌، ئاماژه‌ به‌ ته‌مه‌نی قوتابی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی كراوه‌، كه‌ بۆ وه‌رزی خوێندنی 2023 – 2024 ئه‌و منداڵانه‌ له‌ پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی وه‌رده‌گیرێن، كه‌ له‌داكیبووی 1/1/2017 تاوه‌كو 31/12/2017ـه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ منداڵی شه‌هیدان (كچ و كوڕی شه‌هید) ئاماژه‌ به‌وه‌شكرابوو، پاش خستنه‌ڕووی پشتگیری فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شه‌هیدان، له‌ قۆناغی یه‌كه‌می باخچه‌ یان پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی له‌ خوێندنی حكومی سیسته‌می ئینگلیزی یان كۆمه‌ڵگه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان یانیش هه‌ر باخچه‌ و قوتابخانه‌یه‌كی حكومی، دیاری بكه‌ن و به‌بێ هیچ مه‌رجێك وه‌رده‌گیرێن، كه‌ ئه‌م وه‌رگرتنه‌ قوتابخانه‌كانی سابیسیش ده‌گرێته‌وه‌، جگه‌ له‌ قوتابخانه‌كانی به‌هره‌داران.