بەشێک لە پێکهاتەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

لایەنەکانی کلد، ئاشووری و کریستیان رایانگەیاند، "دژی سکاڵاکەی یەکێتی و بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەین." لایەنە سیاسییەکانی کلد سریان و ئاشووری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هەنگاوێک بو بۆ لێدان لە پێکەوەژیان و سەرپێچیکردنی دەستوور و یاسا. ئاماژەیان بەوەشکرد، هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان بەهۆی هەڵەیەکی مێژوویی یەکێتی نیشتمانی بوو لە پێناو دەستکەوتی سیاسی هەنوکەیی، بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، رۆلێ پێکهاتەکان رووبەرووی دۆخێکی خراپی دەبێتەوە. ئەوەشیان خستەڕوو، ئەم هەنگاوە مانۆرێکی سیاسی خراپە و مافی پێکهاتەکان پێشێل دەکات لە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان، دادگای فیدڕاڵی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە، لە کاتێکدا بەلایەوە ئاساییە کە کۆتا لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق هەبێت. ئەو سێ پێکهاتەیە باسیان لەوەشکرد، کلدان و سریان و ئاشووری ناتوانن کێبڕکێی لایەنەکانی دیکە بکەن لە هەڵبژاردن چونکە کەمینەن، بڕیاریانداوە دژی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی و سکاڵاکەی یەکێتی بایکۆتی خولی شەشی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.