ئەمڕۆ پێنجشەممە، وێستگەی بلاسیرفیل لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لیستێکی بۆ گەرمترین ناوچەکانی جیهان بڵاوکردەوە و تێیدا 15 گەرمترین ناوچەی جیهانی دیاریکردووە و 13ـیان لە عێراقە.
لە لیستەکەدا ئەوەشهاتووە، قەزای خانەقین لە عێراق بە گەرمترین ناوچە بووە و بەرزترین پلەی گەرمای تێدا تۆمارکراوە سەروو 50 پلەی سیلزی بووە و لە پلەی دووەمدا ناوچەی عەمارە دێت لە باشوری عێراق و دواتریش پاریزگای بەسرە لە ریزبەندی سێهەمدایە.
لە پلەی چوارەمی لیستەکەشدا، پاریزگای کەربەلا هاتووە و لە پلەی پێنجەمیش پارێزگای کەرکوک هاتووە و پلەی گەرما لەو پارێزگایانە 49 پلەی سیلیزی بووە.
لە ریزبەندییەکەدا، ناوچەی روفاعی لە پلەی شەشەم و بەدرە لە پلەی حەوتەمدایە و پارێزگاکانی کوت و ناسریەش لە پلەی هەشتەم و نۆهەمدا دێن.
لە ریزبەندی 10ـیەمیندا پارێزگای نەجەف هاتووە و لە پلەی 11ـمدا، ناوچەی “عەلی غەربی” هاتووە و قەزای دووزخورماتوش پلەی 12ـهەمی لە ریزبەندییەکەدا گرتووە و ناوچەی کوتیش پلەی 13ـهەمینی لیستەکەیە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو دوو ناوچە گەرمەی لە دەرەوەی عێراقن لە وڵاتی سعودیە و ئێران تۆمارکراون و لە پلەی 14ـهەمدا فڕۆکەخانەی فەهدی نێودەوڵەتیە و لە پلەی 15هەمیشدا ناوچەی عەمادییەیە لە ئێران.
ئەوە لەکاتێکدایە، عێراق سێهەم وڵاتی کاریگەرە لە بەردەم گۆڕانکارییە ژینگەییەکانی جیهاندا و ساڵانە لە وەرزی هاویندا، پلەی گەرمای 50 پلەی سیلیزی لە هەندێک ناوچە و پاریزگادا تۆماردەکرێت و ئەمساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە چەند جارێک پشووی فەرمی راگەیەندرا.