بەغداد گوژمێک پارەی دیکەی رەوانەی هەرێم کرد

بە گوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی تا ئێستا بڕی 568 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێم و ئەو برە پارەیەش تایبەتە بە مووچەی خانەنشینی سەربازی و مەدەنی، خاوەن پێداویستی تایبەت، کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراو، لەگەڵ 37 وەزارەت و دەستە و سەرۆکایەتیەکان و ئەنجومەنی دادوەری. بە گوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، بڕی 429 ملیار دیناری دیکە لە وەزارەتەکەوە خراوەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق. ئەو پارەیە تایبەتە بە 37 دەستە و وەزارەت، سەرۆکایەتییەکان و ئەنجومەنی دادوەری، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان. بە وتەی سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕی 300 ملیار دیناری دیکە ماوە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێم، کە تایبەتە بە موچەی، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش. پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەست بە خەرجکردنی موچەی مانگی شوبات فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان-عێراق دەکەن و بە دادگای فیدڕاڵییان وتووە، تەنها بۆ مانگی ئازار میکانیزمی یەکلایی کردنەوەی مووچەی فەرمانبەران پێویستی بە ماوەیەکی کاتی هەیە.