حكومه‌تی هه‌رێم: لەڕێگەی ئامێری پارەدەر ده‌توانرێت كۆتایی به دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی مووچه بهێنرێت
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پڕۆسەی تۆمارکردنی موچەخۆر و فەرمانبەران لە "هەژماری من" کە سیستمێکی پارەدانی دیجیتاڵییە، بەردەوامیی هەیە و تۆمارکردنی فەرمانبەران گەیشتوەتە 260 هەزار کەس و 153 هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان، تا كۆتایی ئه‌مساڵیش هەزار ئامێری پارەدەر (ATM) له شاره جیاوازه‌كان دادەنرێن.
فه‌رمانگه‌ی میدیای زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه، تا کۆتایی ساڵی 2024، نزیکەی هه‌زا ئامێری پارەدەر (ATM) لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی موچەخۆران بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە موچەکانیان بگات.
"هەژماری من" پڕۆژه‌یه‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له رێگه‌ری كارتی بانكییه‌وه و ده‌ڵێت، له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌توانرێت كۆتایی به دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی مووچه بهێنرێت.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ژمارەی بانکە بەشداربوەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبوندان کە تا ئێستا بریتین لە (BBAC - NBI - RT - Cihan – IIB) و سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دان پێدانراون و بەشداریکردنیان پەسەند کراوە.
ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزمونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە، لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە.
بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:
یه‌كه‌م: دەستڕاگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی.
ئامێرەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزوی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.
2- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.
3- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.
4- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
5- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.