حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی لەبارەی بەبانکیکردنی مووچە بڵاوکردەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق رایگەیاند، پێشوازی لە نووسراوەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکەن کە رەزامەندی لەسەر بەبانککیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کردووە لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە، مووچەخۆرانیش ئازادن لەوەی مووچەکانیان لە بانکی حکومی یان تایبەت لە نێو بانکەکانی هەژماری من جێگیر بکەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێشوازی لە نووسراوی سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەکات، کە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە، کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکی حکومی یان تایبەت لە چوارچێوەی ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆسەکەدا. لە راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم نووسراوەی دادگای فیدراڵی، هەنگاوێکی باش و دادپەروەرانەیە و مووچەخۆران ئازاد و سەرپشک دەکات لە هەڵبژاردنی بانکەکانیان، لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن بە پێی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق. ئەوەشخراوەتەڕوو، پێویستە بانکەکانی بەشدار لە پرۆژەی (هەژماری من)، هەر لە چوارچێوەی ئەم رێنماییانەدا، درێژە بە پرۆسەکە بدەن و تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆرانی هەرێم لەم پرۆسەیە تۆمار بکرێن. جاسم محه‌مه‌د عه‌بود سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی نوسراوێکی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردوە و تێیدا هاتووە، به‌ پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، پرۆسه‌ی به‌بانكیكردن (ته‌وتین) هه‌موو بانكه‌ حكومییه‌كان و هه‌موو ئه‌و بانكانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن بانكیی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌ په‌سه‌ندكراون و ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر دراوه‌. لیستێک کە ناوی ژمارەیەک بانکی تایبەت بە بانکیکردنی مووچە لە نێو نووسراوەکەی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی هەیە و ناوی ئەو بانکانەشی لە خۆگرتووە کە لە پڕۆژەی "هەژماری من" بەشدارن.