داھاتی نەوتی مانگی رابردووی عێراق ئاشکراکرا

عێراق لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 106 ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەناردەکردووە، داھاتەکەشی زیاتر لە ھەشت ملیار دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق کۆی ھەناردە و داھاتی نەوتی بۆ مانگی تەمموز بڵاوکردەوە و بەپێی داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆ لە کێلگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشور زیاتر لە 105 ملیۆن بەرمیل و لە کێلگەی گەیارە زیاتر لە 922 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە، بڕی نەوتی ھەناردەکراویش بۆ ئوردن گەیشتووەتە 344 ھەزار و 804 بەرمیل بەپێی داتاکانی سۆمۆ، تێکڕای بەرمیلێک نەوت بە 78 دۆلار و 33 سەنت فرۆشراوە، کۆی داھاتەکەشی 8 ملیار و 330 ملیۆن و 475 ھەزار دۆلار بووە. ھەروەھا نەوتی ھەناردەکراو لەلایەن 40 کۆمپانیای جیھانی جیاوازەوە بارکراوە لە بەندەرەکانی بەسڕە و بەندەری جەیھانی تورکی و کۆگاکانی نەوت لە کەرکوک بە تانکەر. ئەوەش لەکاتێکدایە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکوک بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا لە 25ـی ئادارەوە راگیراوە، بەپێی یاسای بودجە دەبێت ھەرێم رۆژانە 450 ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، بەڵام تائێستا تورکیا رێگەنادات ھەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.