وەزیری دارایی: لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان-عێراق رایگەیاند، "لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت." ئەمڕۆ دووشەممە، 04-03-2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق پێشوازی لە کۆنسوڵی ژاپۆن لە هەرێم كرد. ئاوات شێخ جەناب لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق کرد، رایگەیاند "هەموو ئامادەسازییەکانمان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کردووە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی رابردوومان ناردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت". وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی بۆ بەغداد گێڕایەوە بۆ "هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق" کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان.