عێراق مۆڵەتی کارکردنی لە کۆمپانیای ئەریکسۆنی سویدی وەرگرتەوە

حکوومەتی عێراق مۆڵەتی کارکردنی لە کۆمپانیای ئەریکسۆنی سویدی لە وڵاتەکەی وەرگرتەوە.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە بەرامبەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید، بڕیاری داوە مۆڵەتی کارکردن لە کۆمپانیای ئەریکسۆنی سویدی کە کۆمپانیایەکی پەیوەندیکردنە لەو وڵاتە وەربگرێتەوە.

حکوومەتی بەغدا پێشتریش داوای لە جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لە بەغداد کردبوو عێراق جێبهێڵێت.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد، کۆتایی بە ئەرکی باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق بهێنێت.

لە بەغدای پایتەختیش لایەنگرانی رەوتی سەدر بەشەو هەڵیانکوتابووە سەر بینای باڵیۆزخانەی سوید لەو شارە و ئاگریان لە بەشێک لە باڵیۆزخانەکە بەردا.

سه‌لوان مۆمیکا بە رەچەڵەک عێراقی لە 28ی حوزەیراندا لە به‌رده‌م مزگه‌وتێكدا له‌ ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید، قورئانی پیرۆزی لەژێر پارێزبه‌ندیی پۆلیسدا سووتاندبوو.