پارێزگارى هەولێر بڕیاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كاسبكارانی له‌نگه‌ی په‌سه‌ندكرد

راگەیاندنى پارێزگاى هەولێر رایگه‌یاند، بڕیاردراوه‌ به‌ لێخۆشبوونی یەک ساڵ لە کرێى ساڵانە و شه‌ش مانگ لە روسماتى خاشاکى هەموو ئەو دوکانانەى لەنگە کە بەهۆى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیان بەرکەوتووە. ئێوارەی رۆژی 27ی شوباتی ئه‌مساڵ ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە 166 دوکانی بازاڕەکە زیانیان پێگەیشت، ئه‌وه‌ش دووه‌مجاره‌ كاسبكارانی ئه‌و بازاڕه‌ زیانی گه‌وره‌یان به‌رده‌كه‌وێت به‌هۆی سوتانی بازاڕه‌كه‌یانه‌وه‌. راگەیاندنى پارێزگاى هەولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "لە دانیشتنى ژمارەى 10ى ئەنجومەنى شارەوانى هەولێر سەربارەت بە هاریکارى و یارمەتیدانى زیانلێکەوتوانى بازاڕەکە بڕیاردرا بەڵێخۆشبوونى یەک ساڵ لە کرێى ساڵانە و (6 مانگ) لێخۆشبوون لە رسوماتى خۆڵ و خاشاکى هەموو ئەو دوکانانەى بازاڕەکە، کە گرێبەتستیان لەگەڵ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر هەیە و بەهۆى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیان بەرکەوتووە". ئەمڕۆ یەکشەممەش ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بڕیارەکەى پەسەند کرد و لەمڕۆوە بڕیارەکە لەلایەن بەشى ژمێریارى و داهات و گرێبەستەکان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. كاسبكار و خاوه‌ن دوكان و كۆشكه‌كانی بازاڕی له‌نگه‌ دوێنێ شه‌ممه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و داوایانكرد په‌له‌ بكرێت له‌قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یان و به‌وته‌ی به‌شێكیان، زیانی زیاتر له‌ 50 هه‌زار دۆلار له‌ هه‌ر خاوه‌ن دوكانێك كه‌وتووه‌.