وەزارەتی پەروەردە بۆ پەروەردەکان: گشت فەرمانبەرانتان بە کردنەوەی هەژماری من پابەند بکەن

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق، داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەكان دەكات، فەرمانبەرانیان بە كردنەوەی هەژماری بانكی لە پرۆژەی هەژماری من پابەند بكەن. لە نووسراوێكدا كە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی پێوەیە و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەكان كراوە هاتووە، ئێستا پرۆژەی تۆماركردنی فەرمانبەران و سوودمەندان لە پرۆژەی هەژماری من لە سنووری سەرجەم پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بەردەوامە. روونیشكراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران پێیان رادەگەیەنن، لە پێناو بەردەوامیدان بە هەنگاوەكانی خێراكردنی پرۆسەكە، پێویستە هەماهەنگی و كارئاسانی تەواو بۆ تیمی تایبەت بە پرۆژەكە بكرێت. لە نووسراوەكەدا باس لەوەشكراوە، پێویستە گشت فەرمانبەران رێنوێنی بكرێت و پابەندبكرێن بە كردنەوەی هەژماری بانكی لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من.