نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سەرۆکی ئەرمینیا کۆبووه‌وه‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق پێشوازی لە سه‌رۆککۆماری ئەرمینیا کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا، باسیان له‌ ده‌رفه‌ته‌کانی بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی ئەرمینیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان-عێراق کرد له بواری بازرگانی، وه‌به‌رهێنان، که‌رتی تایبه‌ت، پزیشکی و گه‌شتیاریدا. سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، نیوه‌ڕۆی رۆژی پێنجشه‌ممه 29ـی شوباتی 2024 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان-عێراق له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ڤاهاگن خاچاتوریان، سه‌رۆکی ئەرمینیا کۆبووه‌وه‌. له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان-عێراق و وه‌زیرانی په‌یوه‌ندیداری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان-عێراق ئاماده‌ی بوون، په‌یوه‌ندییه‌کانی ئەرمینیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا تاوتوێ کران و ده‌رباره‌ی دۆخی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و ره‌وشی پێکهاته‌کان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌. هه‌ردوولا باسیان له‌ ده‌رفه‌ته‌کانی بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی ئەرمینیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان کرد له بواری بازرگانی، وه‌به‌رهێنان، که‌رتی تایبه‌ت، پزیشکی و گه‌شتیاریدا. له‌مباره‌یه‌وه تیشکیان خسته‌ سه‌ر ده‌رفه‌تی گه‌شتی راسته‌وخۆی ئاسمانیی نێوان ئه‌رمه‌نستان و عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌. لەلایەن خۆیەوە، سه‌رۆکی ئەرمینیا دووشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ سه‌ردانێکی فه‌رمی گه‌یشته‌ به‌غداد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق کۆبووه‌وه‌، به‌یانیی ئه‌مڕۆش گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێکرا. بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی ناوچه‌که‌ به‌گشتی، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.